موسیقی های برگزیده

دانلودمجموعه آلبومهای رشید فیض نژاد

در تاریخ ۱۳۹۶/۰۳/۲۲
دانلودمجموعه آلبومهای رشید فیض نژاد
مامۆستا ڕەشیدفەیزنژاد کوری”حاجی سلیم خان” ساڵی ۱۹۵۱ی زایینی (۱۳۳۰هەتاوی) لە گوندی “ئارەبوغڵوی سەروو” سەر بەشاری “سەقز” لەدایک بووە. بۆ خوێندنی قوبخانە لەمنداڵیەوە هاتۆتە شاری سەقز و لەوێ نیشتەجێ بووە. باوکی شاڕەزاییەکی سەرەتایی لە ئامێرەکانی وەک”تار” و “شمشاڵ” هەبووەو لە بنەماڵەیاندا بەبەردەوامی کۆڕی مۆسیقاو گۆرانی سازدراوە، ئەم هۆکارە وای کردووە مامۆستا ڕەشید هۆگرو شەیدای هونەر بێت.
فەیزنژاد لە منداڵیەوە دەستی داوەتە ئامێری “فلوت” و “دایەرە” و بێ مامۆستا دەستی کردووە بە مووسیقاژەندن و گۆرانی وتن. لە دوای ماوەیەک ئاشقی دەنگی “ڤیۆڵۆن” بووە و بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی ساڵێک کتێبی یەکەمی ڤیوڵۆنی لە لای مامۆستا”حامید تەوحیدی” لەسەقز خوێندووەو لە دوایشدا خۆی درێژەی بە فێربوونی کتێبی ۲و۳ی مووسیقا داوە. هەر لەسەرەتاکانی تەمەنیدا لەشاری سەقز لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا وەک کەمان ژەن و گۆرانیبێژ بەشداری کردووە.
مامۆستا ڕەشید لەتەمەنی ۱۷ ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆسەفەرێکی هاوینی دەچێتە شاری “ورمێ” و بە رێکەوت دەچێتە ناوەندێکی مووسیقا وشانۆ بە ناوی “ئاریا” و حەز دەکا لەوێ بمێنێتەوە. لەلایەن بەرپرسانی موزیکەوە تاقیکاری لەسەر دەکرێ و بەپلەی باش دەردەچێت و بڕیار دەدەن لە تیپەکەدا بەشداری بکات و لەوێ بمێنێتەوە.
لەماوەی چەندساڵ مانەوەی لەو ناوەندە، توانی کەڵکێکی بەسوود لەو دەرفەتە وەر بگرێ و زۆر باش خۆی پەروەردە بکات و ئەزموونێکی بەنرخیشی لە مووسیقای فارسی و ئازەری بەدەست بێنێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە لە ناوەندە هونەریەکانی شاری ورمێ وەک مامۆستا ڕۆڵی گێراوە. ساڵی ۱۹۷۱ ی زایینی (۱۳۵۰ی هەتاوی) کاتێ ڕادوێ و تەلەفزیۆنی مەهاباد دامەزرا لە سەر داخوازی بەرپرسی رادوێ لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی تر کۆرێکی مووسیقایان لەوێ پێک هێناو بۆ ماوەی چەند ساڵێ سەرپەرشتی تیپەکەی لە ئەستۆ بووە. ماوەیەک پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی ئێران لە ڕادوێ و تەفزیۆنی “سنە”ش چەن بەرهەمێکی بەدەنگ خۆی و چەندین مەقام و ئاوازیشی بۆ هونەرمەند”ناسرڕەزازی” لەو ناوەندە تۆمار کردووە.
ساڵی ۱۹۷۵ کە رژیمی پاشایەتی ئێران پشتی نەمر”مەلامستەفای بارزانی” بەردا، شۆڕشی بارزانی تێک شکا، فەیزنژاد لەگەڵ چەن کەسێکی دیکە لە ڕادوێ مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەم کردەوەیە قسە بە شای ئێران دەڵێن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە لەو ناوەندە دەریکەن و نەهێڵن چیدی کاری هونەری بکات.
پاش ئەم ڕووداوە سەر لە نوێ دەگەرێتەوە شاری سەقز و لەفێرگەکاندا چالاکی خۆی دەست پێدەکاتەوەو لەگەڵ چەن هونەرمەندێکی تر تیپێکی “بچووکی مووسیقا” پێک دێنن و هەتا شۆڕشی ساڵی ۱۹۷۹ی زایینی (۱۳۵۷ی هەتاوی) بەکاری فێرکردن و تۆمارکردنی گۆرانی درێژە بەکارەکەی دەدات.
مامۆستا فەیزنژاد ساڵانێکی زۆر لەفیرگەکاندا خەریکی ڕاهینان و پەروەدەکردنی هۆگرانی هونەر بووەو هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکیانەدا چەندەها بەرهەمی بۆ زۆربەی ئەم هونەرمەندانە تومار کردووە بۆ نموونە{محەممەد ماملێ، ناسر ڕەزازی، محەمەد دانش ، قادر سەییاحی،محەممەد ناهید، یۆسف مستەفا، ئەحمەد حەسەن زادە ، حەمە نەجاڕ ،برایم فەتاحی، سەید عەلی سەردەشتی،مستەفا دادار، ڕەحیم سەڵەواتی، نایب منبەری، سدیق زۆهری،برایم خەیات،جەماڵ، موفتی، قادر ئەلیاسی، سەیدبرایم ئیسماعیل زادە، حەسەن دەرزی، ڕەحیم هەجیجی، عەلی زەندی، تاهیر خەلیلی، ئیسماعیل سابوور، غەریب خدریارو….}.
بە ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۹۷۹ زاینی دا(۱۳۵۷ی هەتاوی) بۆ ماوەی چەند ساڵێ کوردستان هەوای نیمە ئازادی و دێموکرسی هەڵمژی.لەو ماوەیەدا مامۆستا فەیزنژاد لە زۆربەی ئاهەنگ وبۆنە نیشتمانیەکاندا بە موسیقا و گۆرانی بەشداری کردولەدوای ئەو ماوە کورتە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ئازادی ڕوون ببوەوە لەشکری حکومەتی جارێکی دیکە کوردستانیان داگیرکردەوەو لەلایەن رێبەری دینی ئێرانەوەموسیقا و گۆرانی قەدەغەن کراو بە حەرام دەسنیشان کراو بڕیار درا هەرکەس موسیقا بژەنێت و گۆرانی بڵێت سزا دەدرێت.لەبەر مەترسی ئەو بڕیارە فەیزنژاد چەند ساڵێ چالاکی ئاشکرای نەما،بەڵام ئەشق و خۆشەویستی بەهونەر وای کرد کە بە نهێنی لەژێر زەمینی ماڵاندا کاسێت بۆ گۆرانیبێژان تۆمار بکاو درێژە بە ڕێبازەکەی بدات.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەو هەوڵ هونەریانە بوو بەمایەی نیگەرانی و کینەی کاربەدەستانی دەوڵەت و بە بیانوی جۆراوجۆر مامۆستا ڕەشید دەستگیر کراو حوکمی زیندانی بەسەردا داسەپێنرا و ڕەوانەی زیندانی{ئیسفەهان} کرا. لەدوای ماوەیەک حوکمەکەی هەڵوەشایەوە و ئازاد کرا. بە هاتنە دەرەوەی لەزیندان لە جاران بە ورەتر و ئازاتر درێژەی بە خەباتی هونەری دایەوەو ئەمەش تووڕەیەکی نهێنی لە دڵی دەسەڵاتدارانی سیاسی و فەرهەنگیدا دروست کرد . هەر بۆیە کەوتنە پیلانی ئەوەی کە کەسایەتی بەرزی ئەو مامۆستایە لە ناو جەماوەردا تێک بشکێنن و هەر ڕۆژ بە بیانوویەک بە زۆر و هەڕەشە داوایان لێدەکرد لە ئاهەنگ وپرۆگرامەتایبەتەکانی دەوڵەتدا بەشداری بکات. تا ئەوکاتەی ئەم هونەرمەندە بەرەو هەندەران نەڕۆیشتبوو بێ وچان و بێ پسانەوە خزمەتی هونەری گەلەکەمانی کرد و لەو ماوەیەشدا بەرهەم گەلێکی بەنرخی بۆ گۆرانیبێژان تۆمار کرد. بە داخێکی گرانەوە زەختی دەسەڵات وژیانی سەختی هونەرمەندی و دەس کورتی ئابووری وای کرد کەئەم بەرێزە چیدی تاقەت نەهێنێ وبەناچار ساڵی ۱۹۹۱ی زایینی (۱۳۷۰ی هەتاوی) ڕووی لە هەندەران کرد وئێستا لە وڵاتی “فیلاند” دەژی. هەرچەند ڕۆیشتنی ئەم مامۆستایە داخێکی گەورەی لەسەر دڵی هونەرمەندان و هونەر دۆستان دانا، بەڵام لە هەندەرانیش بە پێی ئیمکان درێژەی بە خەباتی هونەری داوەو لە زۆربەی ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانیەکاندا بەشداری دەکات.
مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد جودا لە بەهرەی دەنگ خۆشی وموزیک ژەندن و مامۆستایەتی، خاوەن دوتایبەتمەندی دەگمەن و بەرچاوە، یەکەمیان لەبواری ئاهەنگسازی واتە ئاوازداناندا دەستێکی باڵای هەیە و خاوەن بەهرەیەکی خۆڕسکە و ئەو ئاوازانەی کە دروستیان دەکات ڕەسەنایەتیەکی تۆخیان پێوە دیارەو جۆرێک ئەم ئاوازانە ئامادە دەکات کە بیسەر وادەزانێ ئەم ئاوازانە فلکلۆرن و ئەمەش پێویستی بە شارەزایەکی زۆر هەیە کە لە باری فۆرم وڕیتمەوە(ئیقاع) ئاوازەکان وا درووست بکەی کە لە فلکلۆر بچن.
ئەم مامۆستا بەهرەمەندە لە ژەندنی مەقام و وردەمەقامەکاندا خاوەن دەسەڵاتێکی بێ وێنەیەو بەدەگمەن کەسانێک لە مێژووی موزیکی کوردیدا هەبوون کە بتوانن بە ئامێری موزیک دەقی مەقامەکان بە بێ کەم و کوڕی و بەڕەسەنایەتیەکی تەواوو بە ئورژیناڵی دەربێنن. جەنابی فەیزنژاد لە بواری ژەندنی مەقامەکاندا شاڕەزایەکی بەرز و چڕ وپڕی هەیە وگەلێ کەس وەک” ناسر ڕەزازی” لەسەردەستی ئەم بەرێزە فێری مەقام و ئاوازە ڕەسەنەکان بوون و نابراو بەتەنیایی قوتابخانەیەکە کەدەیان کەس لەسەردەستی پێگەیشتوون و هەربۆیە ئەم بەرێزە بۆ ئەوە دەشێ کە وەک سەرچاوەیەکی بەدەسەڵات وشارەزاو بێ وێنە لە بواری مەقام و ئاوازی کوردیدا لە فێرگەو زانکۆکانی کوردستان وانەی مەقام و ئاوازە ڕەسەنەکان بڵێتەوەو مێشک ودەروونی ئەم مرۆڤە بلیمەتە لە مەقام و ئاوازی کوردیدا لێوانرێژەو بەدڵنیایی لای کەسێکی تر ئەم ئاوازو مەقامە پاک و ڕەسەنانە بەدەست ناکەوێت. ئەگەر بمەوێ مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد لە چەند دێرێکدا پێناسە بکەم دەبێ بڵێم ئەم بەرێزە موزیک ناس و موزیک زان و ژەنیارێک بە ستایلێکی کوردی، هونەرمەندێکی دەنگ خۆش و ئاوازدانەرێکی بە توانا و مەقام ناس و مەقام ژەنێکی بێ وێنەو مامۆستایەکی بە دەسەڵاتی بواری موسیقای ڕەسەنی کوردییە.
, , ,