موسیقی های برگزیده

مجموعه کامل آلبومهای سید محمد صفایی

در تاریخ ۱۳۹۶/۱۰/۲۹
مجموعه کامل آلبومهای سید محمد صفایی
کـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــوردی
سید محمد صفـــایی(سەییدمحەممەد سەفایی)
خوالێخۆشبو هونه‌رمه‌ند محەممـەد ئەحمەدی ناسراو به‌ “سه‌یید محه‌ممه‌د سه‌فایی ” کوڕی سەیید مستەفا ساڵی ۱۳۱۱ ی هه‌تاوی له‌ گوندی “بلووز”ی سه‌فاخانه‌ی ناوچه‌ی هه‌وشار له‌ دایک بووه‌ پیاوێکێ ڕو خۆش و دەم بە پێکەنیین بووە و لە منداڵیەوە بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی ئایینی بووە بە جوانی فێری ئامێری دەف بووە و لە مەجلیسی شێخانی ئەو کاتەدا بە موناجات و شێعرە ئایینەکان ناو بانگی دەرکردووە، سەید موحەممەد دە ساڵان دەبێ کە داییک و بابی کۆچی دوایی دەکەن و لە گەڵ برا چکۆڵەکەی بە ناوی سەید جەلال بۆ دەف ژەندن و موناجات دەچنە لای شێخ جەلالەدین نەقشبەندی یەوە و ماوەیێک لەوێ دەمێننەوە پاشان یەکێ لە خانەکانی ناوچەی دیواندەرە بەناوی مزەفەر خان حەبیبی موحەممەد دەنێرێتە مەکتەب بەڵکو خۆێندەواری فێر بێت.
سەیید موحەممەد کچێ بە ناو فاتمە خزری دەبێ بە هاوسەری و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکا بەڵام ڕێزێکی تایبەتی بۆ ئەم خاتوونە بووە وە کاتێ هاوسەرەکەی (فاتمە خانم) لە شاری تیکاب کۆچی دوایی کرد سەفایی بە بەند و بالۆرە دەی لاوانەوە وشینی بۆ دەگێڕا کە هەر بەشداری ئەو مەراسیمە بوو هەر وەکوو دڵی پر کۆڵ و غەمگین بوو. سەفایی له‌ ژیانی دا سێ ژنی هێناوه‌، ماوه‌ی چوار ساڵ له‌ کوردستانی عێراق ژیاوه‌ و ئەو گورانیانەی کە لە ئیزگەی ڕادیۆ بەغدا تۆمارکراون بە ناوی “موحەممەد گەرمیانی “بڵاو دەکرایەوە،
له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک ماوەیێکش لە بەغدا پێکەوە ژیاون بەو جۆرە خۆی باسی دەکا:
“لە بەغدا لەگەڵ حسن زیرەکی نەمر بووین شەوان کە دەهاتمەوە ماڵێ دەنگی زیرەک دەی حەسانمەوە و ماندووییم لە لەش نەدەما پێکه‌وه‌ له‌ خانوویه‌کدا کرێنشین بوین . زیرەکم بە قەد هەردوو چاوم خۆش دەویست و چەن جاریش کە دەهاتە ناوچەی هەوشار لە گەڵیدا بووم گۆرانیشم لە گەڵ وتووە، تایبەت لە زستانێکی سارد لە ئاوایی قوڵدره کە میوانی مستەفا خان ئەمیری بووە بیرەوەری خۆشم لێی بوو کە تا مردن فەرامۆشی ناکەم.”

سەفایی دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لەلایەن نەقشبەندی و مامۆستا شوکروڵڵا بابان و حەسەن زیرەک ڕۆیشتە ڕادیو تاران وە چەن ساڵێک لە گەڵ نەمـــر حەسەن زیرەک لە شەقامی ۲۰متری جــــــوادیە لە ماڵێک پێکەوە کرێنشین بوونە و چەن گورانیان پێکەوە تۆمار کردووە کە بە داخەوە ئەو گۆرانیانە یا نەماون یان زۆر کەم بەدەست دەکەون.
سەیید موحەممەد کاتێ لە یەکی لە مەراسیمەکانی ئەو سەردەمەی دەنگ و ڕەنگی تاران بە جم و جۆڵ و نەشەوە گۆرانی دەڵێت ئاغای موعینیان بەڕێوە بەری ئەوکاتەی ڕادیۆ تەلەفزیۆن لە کاربەدەستان پرسیار دەکات ئەو کابرایە کێیە و بۆ وادەکات ئەوانیش دەڵێن ئەوە محەممەدی ئەحمەدی ناوە و چۆن پێاوێکی نوێژ خوێن و ئایینیە و دوور لە مەشروبات و خواردنەوە بە سەفای دەروونی خۆیەوە گۆرانی دەلێت ئینجا موعنییان دەڵی ئیدی لەمەو دوا ئەو پیاوە بە ناوی سەییدمحەممەد سەفایی بیناسێنن و ناز ناوی سەفایی لەو کاتەوە وەر دەگرێ،
سەفایی لە زۆر شوێنی دیکەش ژیاوە بە تایبەت شارەکانی، تیکاب، سایین قه‌ڵا، بۆکان و شاری سەقـــــز
ماوەیێکی زۆر لە شاری تیکاب ژیاوە و لەو شارە بە کاری نەوار فرۆشی سەرقاڵ بووە دوکانەکەی جێی هونەر دۆستان بوو. زۆربەی گوندەکانی ناوچەی هەوشار چ کوردنشین چ تورک نشین گەڕاوە و کەس نییە ناوبانگی ئەو پیاوە شۆخەی نەبیستبێت . ئەگەر میوان ماڵێک بوایە ئەو ماڵە قەرەباڵغ دەبوو چۆن بەزمی خۆشی دەگێرا و خەفەتی لە دڵان لا دەبرد.
ئیسته‌یش بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ شاری سه‌قز نیشته‌جێن.
هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌ممه‌د سه‌فایی گه‌لێ گۆرانی له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کان و نێو ماڵ و دیوه‌خانه‌کانی ناوچه‌کانی هه‌وه‌توو و تیله‌کۆ و هه‌وشار تۆمار کرد که‌ له‌ شایی گۆڤه‌ندان وبۆنه‌و موناسبه‌ته‌ مللیه‌کان دا هه‌موو جارێ به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ گۆرانی یه‌کانی سه‌یدمحه‌ممه‌د یاد و بیره‌وه‌ری رێزی ده‌گرن، سه‌یدمحه‌ممه‌د له‌گه‌ڵ گۆرانی یه‌کانیدا به‌رده‌وام فولکلۆر و داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناوچه‌که‌ی خۆیشی به‌تایبه‌ت له‌ بواری جل و به‌رگ و زاراوه‌ی هه‌روا پاراستووه‌ و شه‌سته‌ و شه‌قامه‌ وشکارۆکانی شار و شارستانیه‌ت نه‌یتوانی سۆرانی سپی و شاڵی سه‌وز و ڕه‌شتیه‌که‌ی پێ بگۆڕێت. ئەم هونەرمەندە لە ڕادیۆ کرماشان چەن گۆرانی چەن گۆرانی لەگەڵ هونەرمەندی ناودار موجتەبامیرزادە تۆمارکردووە کە “دیسان بارانە” یەکێ لەو گورانییانەیە.
‌گۆرانی یه‌کانی سه‌ید محه‌ممه‌د سه‌فایی زۆربه‌یان فلکلۆرن و له‌ زیندوو ڕاگرتنی به‌رهه‌می فولکلۆری گۆرانی کوردی دا ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه‌ . هه‌تا به‌ ئێسته‌ به‌ نه‌شه‌ترین و به‌زمی ترین گۆرانی بێژی ناوچه‌که‌ بووه‌ که‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ تۆمارکراوانه‌ی که‌ ئێسته‌ له‌ به‌رده‌ست دایه‌ نموونه‌ی زیندووی ئه‌و که‌یف خۆشی و به‌شاره‌ته‌ی نێو فه‌زای گۆرانی یه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ن . سه‌ید محه‌ممه‌د زۆرتر هه‌ر به‌ ئامێری دەفه‌که‌ی خۆی گۆرانی یه‌کانی رازاوه‌تر ئه‌کرد چه‌ندجارێکیش لەگەڵ هونه‌رمه‌ندان
وەکوو مامۆستایان محەممەد ماملێ، مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە، ئیبراییمی قادری، عەزیزی ماملێ، ڕه‌شید فه‌یزنژاد، سەیید ئیبراییم سەقزی، حەسەن دەرزی، کاک عەبدوڵڵا ماچکەیی، ڕه‌سووڵ میرزاپوور، کامران عومەر، صادق قزقاپان، فه‌ردین تاهیری، عه‌لی عابدی و عووسمانه‌ سوور و… گۆرانی یان تۆمارکردوه‌…..
سەفایی ڕێزی تایبەتی بۆ هونەرمەندان داناوە بەتایبەت دۆستی نزیکی حەسەن زیرەک و ماملێ بووە و لە هەر بەزمێکدا یادی لەوان کردووە.
به‌ داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندسەفایی ساڵی ۱۳۷۳ هه‌تاوی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ دەبێ وله‌ رێکه‌وتی۱۳۷۴/۹/۹ هه‌تاوی کۆچی دوایی کردو له‌ شاری سه‌قز له‌ گۆڕستانی شاناز له‌ نێو خاکی کوردوستان ئارام دەگرێت.
, ,